|
شێخ ئەحمەدی جزیری (١٥٧٠- ١٦٤٠) ناسراو بە مەلای جزیری شاعیرێکی کلاسیکی کوردە. دیوانە شیعرێکی بە شێوەزاری کورمانجی ھەیە. ناوی تەواوی شێخ ئەحمەد کوڕی شێخ محەمەد جزیری یە. وشەی جزیری لە ناویدا ئیشارە بە جزیرەی بۆتان دەکات. ساڵی ١٥٧٠ لە جزیرەی بۆتان ھاتۆتە دنیاوە کە سەردەمی ئەمیر شەرەف خانی کوڕی میر ئەبدال بوە. لە تەمەنی دە ساڵییەوە لەلای باوکی دەستی بەخوێندن کردووە و پاشان چۆتە لای زانا بەناوبانگەکانی جزیرە و فێری زانست بووە. بەفەقێیەتی ھەموو ناوچەکانی جزیرە و ھەکاری و ئامێدی و دیاربەکر و عەمادیە گەڕاوە و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا ئیجازەی مەلایەتی پێدراوە پاشان بۆتە مەلا و زوربەی کاتی بۆ وانە وتنەوە تەرخان کردووە. شێخ محەمەدی باوکی لە بنەماڵەیەکی شێخی بەرماڵی بووە و زۆر حەزی بە خوێندەواری کردووە. لە پەرتووکی مێژوی کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگدا ھاتووە: مەلای جزیری ناوی شێخ ئەحمەدە و لە جزیرەی ئیبن عمر لە نیوەی دوایی سەدەی شەشەمی ھیجری لە دەوری عیمادەدین حاکمی موسڵدا ژیاوە. مەلای جزیری سۆفی بوە و لەسەر ڕێ و شوێنی نەقشبەندی بووە. دەستێکی باڵای ھەبووە لە لێکدانەوەی قورئان و فەلسەفە و لێکدانەوەی و ئەستێرەناسی و زانستی کیمیا و فیزیک و پزیشکی دا. ھەروەھا زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی بەباشی زانیوە. مەلای جزیری ساڵی ١٦٤٠ لە جزیرەی بۆتان کۆچی دوایی کردووە. |